سوپای پاسداران ئەندامانی دوورخراوەشی خستووەتە ناو لیستەی رێکخستنەکانییەوە

16:48 - 17 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەهەوڵێکی تازەدا لە ناوچە کوردنشینەکان هێزە خۆجەییەکانی خۆی بانگهێشتی پادگان و بنکە نیزامییەکان کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێرسۆنێلی سەربازیی سوپای پاسداران لەکامیاران و ئەندامانی بەسیج لەسەر بانگەوازی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بانگهێشتی پادگانەکان کراونەتەوە.

دەوترێت کە ئەو بانگەوازە کەسانی خانەنشینیشی بە مەبەستی ئامادەباشی گرتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسوپای پاسدارانی کامیارانەوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، پاش بڵاو بونەوەی هەواڵی حوزووری پێشمەرگەکانی کورد لەناوچە سنوورییەکان، سوپا هێزەکانی بۆ دەورووبەری چیاکان جووڵاندووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە پێشتر بەهەر هۆیەک لە رێکخستنەکانی سوپای پاسداران دوور خرابوونەوە جاریکی دیکە خراونەتە لیستەی رێکخستنەکانی ئەوە ناوەندە سەربازییەوە.

چیای شاهۆ لەسنووری ئوستانی کوردستان و کرماشان بووەتە شوێنی هاتوچۆی هێزەکانی سەر بە حیزبەکان و سوپای پاسدارانیش لە ترسی جەولەی پێشمەرگەکان لەناوچەکەدا هەوڵی ملیتاریزەکردنی زیاتری رێگە سەرەکییەکانی چیای شاهۆی داوە و بنکەی نیزامی لێ دروست کردوون.

\"26891.jpg\"
سوپای پاسداران هێزە خۆجەییەکانی خۆی بانگهێشتی پادگان و بنکە نیزامییەکان کردووەتەوە
لەلایەکی دیکەوە لەشاری پیرانشارەوە باس لەوە کراوە کە هێزە خۆجەییەکان رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کراون کە بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار رێژەی ئەو هێزانە بە دەیان کەس دەبێت.

ئەو هێزانە بە فەرماندەیی ئەندامێکی خۆجەیی سوپای پاسدارانەوە بە چەکی نێوەقورسەوە رەوانەی سنوورەکان کراون.

کۆکردنەوە و تەیار کردنی هێزە خۆجەییەکانی سوپا لەشارە کوردنشینەکان لەحاڵێکدایە کە رۆژی رابردوو بەرپرسێکی ئەمنیەتی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بە دژی گرووپە\" تیرۆریستییەکان\" کردبوو.

پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعات لەراگەیەندراوێکدا باسی لەدەستبەسەر کردنی چەند کەس کردبوو و رایگەیاندبوو کە ئەو کەسانە پاش رووداوی هوتێل تارای مەهاباد بە ئامانجی \" قەیران، تیرۆر و کوشتن و خستنەپاڵی ئەو کارانەش بە کۆماری ئیسلامی\" هاتبوونە ناو خاکی ئێرانەوە.

لەو پێوەندییەدا مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ دوێچەویلە هەرچەشنە دەستێوەردانی ئەندام و لایەنگرەکانیانی لە رووداوەکانی مەهاباد رەت کردبوویەوە و ناردنی هێزی پێشمەرگەشی بۆ کێلەشین بە مەبەستی \" پێوەندی گرتن لەگەڵ خەڵک\" لەقەڵەم دابوو.