سوپای پاسداران لە تاریکایی شەودا دارستانەکانی دەورووبەری \"سەردەشت\"‌یان لەناو برد

15:14 - 20 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندەکانی سەربە سوپای پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لە چەند دەزگا بۆلدزێر، سەرلەنوێ دەستیان بە تێکدانی بەشێکی دیکە لە دارستان و لێڕەواری دەورووبەری شاری سەردەشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمیر ١٢ی شەوی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی خەرمانان ژمارەیەک دەزگای بۆڵدزێر بە پشتیوانیی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەردەشت، چەندین هێکتار لە دارستانەکانی پشتی \"رەزی جۆڵا\"ی ئەو شارەیان لەناو برد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ناوەندەکانی سەربە سوپای پاسداران کە لەپشت ئەو کارەوەن، بە کەڵک وەرگرتن لە تاریکایی شەو، ئاسەواری تێکدانی دارستانەکەیان سڕییەوە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو شوێنی کە دارستانەکانی لە ناوبردراون ، دەستیان بەسەردا گیراوە و زەوییەکانی دەدرێتە کەسانی سەربە بەسیج و سوپای پاسداران.

\"22006.jpg\"
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، \"سەرەڕای ئەوەیکە ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکان، فەرمانداری و شۆرا و شارەوانیی سەردەشتیش لە کاولکاریی ئەو ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییانە ئاگادارن، بەڵام هیچ هەڵوێست و پەرچە کردارێکیان نییە\".

بێ هەڵوێستیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتێکدایە، کە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، پاش ئەوەی چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەناوبردنی لێڕەوارەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت لەبەر دەم ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەردەشت کۆبوونەوە، بەرپرسانی ئە وئیدارەیە بەڵێنیی ئەوەیان دابوو کە پێش بە تێکدانی لیڕەوارەکان بگرن.

بە گوتەی کەسانی ئاگادار، لەماوەی چەند ساڵی رابردووەوە هەتا ئیستا، ناوەندە نیزامیی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەردەشت، زیاتر لە ٢٠ هێکتار دارستان و لێڕەواری دەوروبەری شاری سەردەشتیان بۆ دروست کردنی خانووبەرە بۆ کەسانی سەربە بەسیج و سوپای پاسداران، لەناوبردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، شارستانی سەردشت رووبەری ٨٠ هەزار هێکتار لێڕەوار و دارستانی هەیە، کە لەماوەی چەند ساڵەی رابردوودا و بە هۆی سووتمان و بڕینی دارەكان و دروستكردنی بینا، ئەو رووبەرە بۆ ٥٠ هەزار هێكتار کەمی کردووە.