سوپای پاسداران دژبە تەریقەتێکی ئایینی لە ئیلام، پیشانگەیەکی کردەوە+وێنە

14:43 - 17 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، لە شاری ئابدانانی ئوستانی ئیلام، پیشانگەیەکی بەدژی هاووڵاتییانی کوردی پەیڕەوی تەریقەتی نێعمەتوڵڵاهی گونابادی لەو شارەدا، کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سوپای پاسداران لە درێژەی رەوتی سووکایەتی کردن بە کەمینە مەزهەبی و ئایینیەکان لە کوردستان، لە پیشانگەیەکدا لە شەقامێکی شاری ئیلام فتوای رێبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانی سەبارەت بە دەروێشە گونابادییەکان نمایش کرد.

ئەو پیشانگەیە، کە لەژێر ناوی \"سۆفیە\"دا کراوەتەوە، لەگەڵ ناڕەزایەتیی دەروێشە گونابادییەکانی ئیلام بەرەوڕوو بۆتەوە.

ماڵپەڕی \"مەجزوبان\" بڵاوی کردۆتەوە، ئەو پیشانگەیە بە مەبەستی رووخاندنی ئەو تەریقەتە و هەروەها پێکهێنانی گومان لەسەر ئەو تەریقەتە، کراوەتەوە.

لە پیشانگەیەی سوپای پاسداراندا، فتوای \"خومەینی، خامنەیی، ئایەتوڵلا سیستانی و نووری هەمەدانی \" و چەندین مەرجەعی تەقلیدی دیکەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەر هاووڵاتییانی تەریقەتی نێعمەتوڵلاهی گونابادی لەسەر پوستێری پیشانگەکە خرابوونە روو، کە بەهۆی ناڕەزایەتیی باوەڕمەندانی ئەو تەریقەتەوە، پیشانگەکە کۆکرایەوە.

پێشتریش گوندی \"چەشمە شیرین\" لە ناوچەی موورمووریی ئیلام، کە دانیشتوانەکەی هاووڵاتییانی تەریقەتی نێعمەتوڵڵاهیی گونابادی پێکی دینن، پاش زیاتر لە دوو حەفتە لە رووداوی بوومەلەرزەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، هیچ یارمەتییەکیان بەدەست نەگەیشتبوو.

ئوستانداریی ئیلام، هۆکاری ئەو یارمەتی نەگەیاندن بەو گوندەی بۆ سۆفی و دەروێش بوونی دانیشتوانی گوندی چەشمە شیرین گەڕاندبوویەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش عەلی ئوستادا حوسێنی، فەرماندەی سوپای پاسداران، وێرای بە مەترسی لە قەڵمە دانی دەروێش و سۆفییەکان، رایگەیاندبوو، کە پێویستە لەو پەیوەندییەدا رۆشنگەری و کاری فەرهەنگی لە ناو خەڵکدا بکرێت.

\"23508.jpg\"
پیشاندانی وێنەی سەید خەلیل عالی نەژاد لە پیشانگەی \"شەری \"نەرم\"دا لە تاران، لە ژێر ناوی لادانی سۆفیەکان (انحراف صوفیە)
لەمانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیشداو لە پێشناگەیەکی هاوشێوەدا لە تاران، کە لەژێر ناوی \"لادانی سۆفیە(انحراف صوفیە)\"دا کرابوویەوە، بە ئاشکرا سووکایەتی بە یارسانییەکان و کەسایەتیی سەید خەلیل عالی‌نەژاد یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو ئایینی یارسانی کرابوو.

حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، بە ئاشکرا کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکانی وەک یارسانی و تەریقەت و دەروێشەکان بە \"دژایەتی لەگەڵ قورئان\" و \"دژایەتی لەگەڵ عیلم و زانست\"، \"دژایەتیی شەریعەتی ئیمامانی شیعە\" و \"کەوتنە ژێر رکێڤی ئیستکبار\" تۆمەتبار دەکەن و بەو هۆیەوە لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی سووکایەتی کردن دەبنەوە

\"23506.jpg\"

\"23507.jpg\"

\"23504.jpg\"

\"23509.jpg\"