سووکایەتیکردنی بەرپرسانی زیندانی "قەرچەک" و بە تێرۆریست ناو لێ بردنی زیندانییانی سیاسیی کورد

10:49 - 16 خەزەڵوەر 2721

بەرپرسانی زیندانی "قەرچەکـ"ـی وەرامین لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد لەو زیندانەدا بە شێوەیەکی نەشیاو هەڵسوکەوت دەکەن و زیندانییانی سیاسیی کورد بە "تێرۆریست" ناو لێ دەبەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی قەرچەک بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "حیفازەت ئیتلاعاتی زیندان زیندانییانی دیکە هان دەدەن تاکوو جنێو و بێڕیزی بە زیندانییانی سیاسیی کورد بکەن".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ماوەیەک پێش یەکێک لە پێرسنۆلی زیندان بە ناوی ئەحمەدی کە ئەفسەر نیگەهبانی زیندانی قەرچەکە، لە حەوشەی زیندان یەکێک لە زیندانییانی هان داوە و ئەو زیندانییە بە زیندانییە سیاسییە کوردەکانی وتووە تێرۆریست".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە زیندانییانی سیاسی بە ناوی "شەکیلا مۆنفەرد" پشتیوانیی لە زیندانییانی سیاسیی کورد کرد، بەڵام لەلایەن ئەو ئەفسەر نیگەهبانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کرا و ناوبراو ئازار و ئەشکەنجە درا.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو: "سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵای زیندانییانی سیاسیی کورد لەو ئەفسەر نیگەهبانە، بەرپرسانی ئیدارەی گشتی و ڕێکخراوی زیندانییان و سەرۆکی زیندان، هیچ وڵامێکیان بە زیندانییانی سیاسیی کورد نەداوەتەوە".