سووتانی ٢٥ هێکتار لە زەوییەکانی قەسری شیرین

04:24 - 30 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رووربەرێکی بەرچاو لە زەوی و زارەکانی شاری \"قەسری شیرین\" لە ئوستانی کرماشان لە ئاگردا سووتا و خەسارێكی زۆری سروشتی بەو ناوچەیە گەیشتووە.

رۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، بە هۆی تەشەنە سەندنی بڵێسەی ئاگر لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی قەسری شیرین، زیاتر لە ٢٥ هێکتار لە زەوی و زارەکانی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتا.

حوسێن پەروین فەرمانداری شاری قەسری بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی رایگەیاندووە، ئەم رووداوە بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە ٢٥ هێکتار لە مەرتەع و لەوەڕگەی بەرزاییەکانی \"ئاق داخ\" و زیانێکی بەرچاوی بە سروشتی ئەو ناوچەیە گەیاندووە، بەڵام زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هەتا ئێستا مەزەندە نەکراوە.

زەنجیرە کێوەکانی \"ئاق داخ\" لە رۆژئاوای شاری قەسری شیرین هەڵکەوتووە کە بەرزایی بەرزترین چیای ئەو زینجیرە کێوە ٢١٠٥ میترە.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە زەوی و زار و هەروەها ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە هۆی کەمتەرخەمیی دانیشتوان و هەروەها نابەرپسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاگردا دەسووتێن.

پێشتر هاووڵاتییان رایانگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمنیەتی و نیزامیی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، لەمەڕ کووژانەوەی ئاگرەکان بەربەست بۆ رێکخراوە خەڵکی و مەدەنییەکان دروست دەکات و تەنانەت لەو بوارەدا پێش بە بەڕێوە بردنی خولی فێرکاریی و بەستنی سمیناریش دەگرن.