سوهەیلا حیجاب ڕوو لە ئیبراهیم ڕەئیسی: بەو شێوەی کە لەگەڵ من هەڵسوکەت کراوە لە زیندانەکاندا لەگەڵ دیلەکانی شەڕ نەکراوە

12:14 - 5 بانەمەڕ 2722

"سوهەیلا حیجاب" زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی کانوونی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان، لە نامەیەکدا ڕوو لە سەرکۆماری ئێران باس لە کێشە و گوشار بۆ سەر خۆی لەلایەن مەئموورانی زیندان دەکات و دەڵێت: "بە جۆڕێک لەگەڵ من هەڵسووکەوت دەکرێت بەو شێوازە لەگەڵ دیلەکانی شەڕی ئێران و عێراق نەکراوە".

ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە لە بەشێکی نامەیەکەیدا کە لەلایەن هەواڵدێری هێراناوە بڵاو کراوە، بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی نووسیوویەتی: "ئەوەندە لەلایەن مەئموورانی ئێوە لە کاتە جیاوازەکاندا و بە هۆکارە بێ بنەماکان ئازار و ئەشکەنجە دراوم، ئیتر هێزێک لە جەستەمدا نەماوە".

لە بەشێکی نامەی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردەدا هاتووە: "من ڕەوانەی زیندانگەلێک کە چووکەترین ڕێز  بۆ مافی زیندانییەکی سیاسییە دانانێن، کراوم".

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا، هەروەها هاتووە: "دەنگی دادخوازیی خۆم بەرز دەکەمەوە کە بە بەردەوامی ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دەکرێم، پەسای ‌پەس کە دۆسییەی سازیم بۆ دەکرێت، بێوچان لەم زیندان بۆ ئەو زیندان، لەم گرتنگە بۆ ئەو گرتنگە و لەو ژووری تاکەکەسییە بۆ ژووری تاکەکەسیی دیکە، ڕەوانەی دەکرێم و بێڕیزی و بێ‌حورمەتیم پێدەکرێت و هەڕەشەی دۆسییەسازیم لێدەکرێت".

سوهەیلا حیجاب لەو نامەیەدا، هەروەها بە سەرکۆماری ئێران دەڵێت: "ماوەی حەوتوویەک تەلەفۆنی بەندی ژنان بەهۆی دەنگدانەوەی دۆخی نالەباری جیسمانیی من پچڕا و پاش کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەم، لەگەڵ من توندوتیژی، لێدان، هەتکی حورمەت، ڕەوانەکردن بۆ ژووری تاکەکەسی، پێشگرتن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەم و ڕێگری لە قسەکردن لەگەڵ بنەماڵەکەم لە ڕێگای تەلەفۆنەوە کرا. هەروەها هەڕەشەی بانگهێشتکردن بۆ دادگا و دۆسییەسازیم لەسەرە، بانگی دادخوازیی خۆم بۆ ئەو کەسانە بەرز دەکەمەوە کە لە پێناوی مرۆڤبوون شەڕ دەکەن، نەک لە پێناوی من سوهەیلا حیجاب".

سوهەیلا حیجاب مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

سوهەیلا حیجاب ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد موقیسە" بە تۆمەتگەلی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی، تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە، دروستکردنی گرووپی نایاسایی لە ڕاستای مافی ژنان و داخوازیی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی"، سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠، لە بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین لەهەمبەر دۆخی نالەباری خۆی و گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرت.

ماوەیەک پێش سوهەیلا حیجاب لە زیندانی قەرەچکی وەرامین بۆ زیندانی سنە دوور خرایەوە  و ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، ڕەوانەی کانوونی تەربیەت و ئیسلاحی کرماشان کرا.