سونقور/ داڕمانی بینایەك ١٠ كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

13:11 - 26 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: بە هۆی داڕمانی بینایەك لەیەكێك لەئاواییەكانی شارستانی سونقوری سەر بە ئوستانی كرماشان ٥ كەس گیانیان لەدەست دا و پێنجی دیكەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر بینایەكی سێ‌قاتی كۆن و پرتووكاو لەئاوایی \"جوب كەبوودی سەروو\" رووخا و بەو هۆیەوە ٥ كەس گیانیان لەدەست دا.

لەیەكەم چركەساتەكانی ئەو رووداوەدا سێ‌كەس لەژێر دار و بەردەكان بە مردوویی دەرهێنراون و دوای ماوەیەكیش تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی دوو كەسی دیكەیان لەژێر بینا رووخاوەكەدا كێشاوەتە دەرەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە ناوچەییەكان ٥ كەسی دیكەش بە هۆی ئەو رووداوە بەتوندی بریندار بوون كە دەوترێت باری تەندروستی یەك كەسیان زۆر ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری كرماشان كراوە.

ئەو رووداوە كاتژمێر ٦ی ئێوارەیی رۆژی یەكشەممە رووی داوە و كارناسان رایانگەیاندووە، پرتووكاوی و كۆن بوونی بیناكە ئەو كارەساتەی دروست كردووە.

ناوچەی شارستانی سونقور و كولیایی ٩٣ ئاوایی لە خۆ گرتووە و بەوتەی هاووڵاتیان زیاتر لە ٩٠% لەبیناكانی ئەو ئاواییانە كۆن و پرتووكاون.

شارستانی سونقور ٩٢ هەزار حەشیمەتی هەیە و لە ٨٥ كیلۆمیتری باكووری رۆژهەڵاتی كرماشان هەڵكەوتووە.