سنە/ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی سێدارەی دوو زیندانیی سیاسیی كورد

16:04 - 25 گەلاوێژ 2714
كوردپا: حوكمی سێدارەی زیندانییەكی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست كراوەتەوە و هەروەها زیندانیەیكی سیاسیی دیكەی خەڵكی ئەو شارە لە گرتووخانەی سنە مەترسیی لەسێدارەدانی لێدەكرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: بەختیار مێعماری زیندانی سیاسیی كورد كە ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرە و هەروەها هێمن مستەفایی كە ماوەی دوو ساڵە لە دەستبەسەری دایە، ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی لەسێدارەدانیان لەزیندانی ناوەندی سنە لەئارادایە.

بەختیار مێعماری خەڵكی شاری مەریوان، ساڵی ١٣٨٨‌ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر كراوە و بۆماوەیەك لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشكەنجە و لێپێچنەوەدا بووە.

\"21518.jpg\"
بەختیار مێعماری، زیندانی سیاسیی كورد
ئەو زیندانییە سیاسییە رێكەوتی ١٣‌ی گەلاوێژی ٨٩ و ١٣٩٠ لە دادگای \"كەیفەری\" تاران دادگایی كراوە و بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی دوو كەس، بە سێدارە مەحكووم كراوە.

لەو باریەوە كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنی بڵاوی كردبوویەوە، حوكمی ئێعدامی بەختیار مێعماری ماوەی ١٠ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست كراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە هەروەها لەرێكەوتی ٢١‌ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١‌یش لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتیی لەیەكێك لە حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران حوكمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە سەرجەم دادگایی كردنەكانیدا تۆمەتی قەتڵ و ئەندامەتیی لە حیزبێكی كوردیدا رەت كردۆتەوە.

بەختیار مێعماری لەژێر ئەشكەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری سنەدا دانی بەو تۆمەتانەدا نابوو و فیلمێكی دێكۆمێنتاریش لەسەر ناوبراو لە كاناڵی \"پرێس tv\"‌ی حكوومەتی ئێران بڵاو كرایەوە، دانپێدانانێك كە لەلایەن پارێزەرەكەیەوە بە ساختەكاری لەقەڵەم درابوو.

لەلایەكی دیكەوە هێمن مستەفایی زیندانیی سیاسیی خەڵكی شاری مەریوان، كە بە تۆمەتێکی هاوچەشنی تۆمەتەکەی \"بەختیار\" لەلایەن لقی دادگای كەیفەری دادگوستەری ئوستانی كوردستان بە ئێعدام مەحكووم كراوە.

هێمن مستەفایی بە دوو تۆمەتی جیاواز بە چوار ساڵ زیندانی كردن و هەروەها \"قەساس\" حوكم دراوە.

مستەفایی ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەزیندانی شاری سنە لەدەستبەسەری دایە و لە ٧ مانگ لەمەوبەرەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەشی لێ‌قەدەغە كراوە.

چالاكانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسییە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

دەوترێت هێمن مستەفایی لە زیندانی شاری سنەدا لەدۆخێكی زۆر نالەباری جەستەیی دایە و لەلایەن بەرپرسانی زیندانیشەوە فشاری خراوەتە سەر.

\"21529.jpg\"
قاسم ئابستە، زیندانی کورد لە گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج
هەر لەپێوەندی بارودۆخی جەستەیی زیندانییانی كوردا، زیندانیەكی دیكەی كورد لە گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج بەدەست ئازار و چڵكی گورچیلەوە دەناڵێنێ‌.

قاسم ئابستە خەڵكی شاری مەهاباد ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر كراوە و هەنووكە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە و ئەگەری ئەوە هەیە گورچیلەكانی لەدەست بدات.