سنە/بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و کۆنسێرت بۆ پشتیوانی لە کۆبانی

19:49 - 23 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، خۆپیشاندانێکیان لە حەشەی ئەو زانکۆیەدا وەڕێخست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی کوڕ و کچی زانکۆی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی خەڵكی کۆبانی دەربڕی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایگەیاند؛ لەو خۆپیشانددانەدا، درۆشمی پشتیوانی لە کۆبانی و دروشمی دژبە داعش گوتراوەتەوە و هاوکات کردەوەی چەکدارانی داعشیش مەحکووم کردووە.

دەگوترێت، کە وەزارەتی ئیتلاعات بە بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی کوردستانی راگەیاندبووە، ەک خۆیان لە دروشمی \"دژە شۆڕشی (ضد انقلابی)\"ی و ناسیۆنالیستی ببوێرن و دروشمەکانتان دژی دەولەتی تورکیا بێت.

رۆژی هەینیی رابردووش خۆپیشاندانێکی بەرین لە شاری سنە لەمەڕ مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بۆسەر خەڵکی کۆبانی بەڕێوەچوو، کە تیایدا دەیان کەس لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەبیانووی وتنەوەی دروشمی ناسیۆنالیستی دەستبەسەر کران.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی بەرینی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژبە داعش شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێرانی گرتۆتەوە لە چەندین زانکۆشدا خوێندکاران بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان، پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی کۆبانی دەربڕیووە.

\"22703.jpg\"
هەروەها بڕیارە، عەزیز شارۆخ هونەرمەندی ناسراوی کورد، بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خۆڕاگریی خەڵکی کۆبانی، کۆنسێرتێکی مۆسیقایی لە شاری سنە بەڕێوە ببات.

ئەو کۆنسێرتەی عەزیز شارۆخ لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی رەزبەری ئەمساڵدا لە ساڵۆنی پەردیسی سینەما بەهمەنی شاری سنە بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی، ژنان و چالاکانی فەرهەنگی، بۆ دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی خەلكی کۆبانی، مانیان لە خواردن گرتبوو.
\"22704.jpg\"

\"22706.jpg\"

\"22707.jpg\"

\"22708.jpg\"

\"22709.jpg\"

\"22710.jpg\"