سنە/بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی ١٩‌ی بانەمەڕ لەسەرگڵکۆی سەمبولیکی رۆڵەکانیان رێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد

16:04 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: چوارەمین ساڵڤەگەڕی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی بە دروست کردنی گۆڕی سەمبولیک، لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لەشاری سنە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ بانەمەڕ کە چوارەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەرییان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلم هوولی و مێهدی ئیسلامیان بوو، بنەماڵەی ئەو پێنج چالاکە سیاسییە لەسەر گڵکۆی سەمبولیکی فەرهاد وەکیلی کۆبوونەوە.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەزاری یەکێک لەبنەماڵەی لەسێدارەدراون بڵاوی کردبۆوە، هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنیەتییەکان تەرمی رۆڵەکانمانی لەئێمە شاردۆتەوە و بە بەردەوامی داوامان لێکردوون کە گۆڕی ئەو پێنج چالاکە سیاسییەمان نیشان بدەن.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەتەنیشت گۆڕی باوکی فەرهاد وەکیڵی، گڵکۆیەکمان بۆ فەرهاد دروست کردووە و لەوێ‌رێوڕەسمان بەڕێوە بردووە.

فەرزاد کەمانگەر، چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و مامۆستای کورد سەر لەبەیانی رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ١٩‌ی بانەمەڕی ١٣٨٩ هاوڕێ‌لەگەڵ عەلی حەیدەرییان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلم هوولی و مێهدی ئیسلامیان لەزیندانی ئێڤین لەسێدارە دران.

دوای تێپەڕینی چوار ساڵ لەو رووداوە، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردنی و گۆڕی ئەو پێنج چالاکە سیاسییە بە نهێنی لای ناوەندە ئەمنیەتییەکان ماوەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکخراوی لەمافی مرۆڤی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا شاردنەوەی شوێنی بەخاکسپاردنی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی مەحکووم کردبوو.

لەبەیاننامەکەدا هاتبوو کە \" شاردنەوەی شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی زیندانیانی سیاسی، نایاسایی و نا مرۆڤانەیە\".

چەند رۆژ لەمەوبەریش رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی لەناو زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسییەوە بەڕێوە چووبوو.
\"19867.jpg\"

\"19869.jpg\"

\"19868.jpg\"

\"19870.jpg\"