سنە/ چالاکانی مەدەنی ڕێزیان لە دوو کەسایەتی ئەدەبی و هونەری گرت

21:14 - 15 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی شاری سنە سەردانی دوو کەسایەتی بواری ئەدەب و هونەری ئەو شارەیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و ڕۆژنامەوانانی کورد، لە ماڵی عەدنان بەرزنجی کۆبوونەوە و ڕێزیان لە هەوڵەکانی ئەو مامۆستا کوردە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردی لە نێو لاوانی کورددا گرت.

لەو ڕێورەسمەدا، سەباح حەسەنی چالاکی فەرهەنگی ڕایگەیاند: \"منداڵەکانی ئێمە هەوڵەکانی عەدنان بەرزنجی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەرزدەنرخێنن و وەچەکانی داهاتوو خزمەتەکانی ناوبراو لەبیر ناکەن.

لە درێژەدا هەریەک لە ئیقباڵ ڕەزایی، فەردین کەمانگر ڕۆژنامەنووس و سۆهراب جەلالی چالاکی کۆمەڵایەتی و تەوفیق سەرئەفراز کە لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارەن، چەند پەیڤێکیان سەبارەت بە زمانی زگماکی پێشکەش کرد و ڕێزیان لە هەوڵ و ماندووبوونی عەدنان بەرزنجی گرت.

عەدنان بەرزنجی مامۆستای زمانی کوردی لەو رێورەسمەدا ڕایگەیاند: \"دەبێ هەوڵەکانمان لە داهاتوودا زۆرتر بێت و چالاکییەکانم بۆ نەتەوەکەم بووە و لەو پەیوەندییەدا ویژدانم ئاسوودەیە\".

بەرزنجی لە درێژەی قسەکانیدا، فێربوونی زمانی زکماکی بە شانازی ناوبرد و ڕایگەیاند: \"بەرهەمە پڕشکۆکانی نەتەوەکەمان دەبێ بە زمانی دایکی بێت\".

ئەو لە درێژەدا گوتی: \"ژیانم بۆ زمانی زگماکی تەرخان کردووە و ئەو بابەتەش بۆ من زۆر دڵخۆشکەر و شیرینە\".

عەدنان بەرزنجی مامۆستای زمانی کوردی و بەڕێوەبەری دامەزراوەی فێرکردنی زمانی کوردی \"ڕاژە\" یە لە شاری سنە.

\"29281.jpg\"
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە چالاکان و هونەرمەندانی بواری موسیقا و ڕۆژنامەوانی، ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا چاویان بە هونەرمەنی کورد \"عەباس نیرومەند \" کەوت .

هونەرمەندان مێهدی حوجەتولسادات، هوشنگ شگرف، شەمسەدین زەرنشان، جەماڵ حاجبی، فەردین کەمانگر، سدیق ئازەرمی، بارام خۆرشیدی، بێهزاد سەفی‏خانپوور و مستەفا زارعی، بێهرۆز فەخاری و خۆسرەو ژیان، لەو چاوپێکەوتنەدا ڕێزیان لە هەوڵەکانی ئەو مامۆستایەی موسیقای کوردی گرت.

عەباس نیرومەند یەکێک لە هونەرمەندانی پێشەنگی بواری هونەری موسیقای کوردستانە کە ٨٤ساڵ تەمەنی خۆی لە ڕاستای بەرەوپێشبردنی موسیقای کوردی تێپەڕ کردووە و ئێستا بە هۆی پیری و نەخۆشی لە جێگەدا کەوتووە.

نیرومەند لە ماوەی چەند دەیەیەک‏دا، لە بواری موسیقا لەگەڵ هونەرمەند گەلێکی گەوری کورد وەک حەسەن کامکار، هوشەنگ شگرف و زۆرێک لە هونەرمەندانی دیکەی کورد چالاکیی هونەریی هەبووە.