سنە/ چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی کورد ناڕوونە

12:17 - 28 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی ئەمنیەتیی کوردستان، چالاکێکی ژینگەپارێزیان لە شاری سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوودا، دامەزرێنەری ئەنجومەنی ناحکوومیی \"ئۆگرانی کوردستان\" دەستبەسەرکراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

شوناسی ئەو چالاکە مدەنییە بە \"دانا حەسەنی\" ڕاگەیەنراوە.

لە هەواڵە نێردراوەکەی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە؛ \" ئەو چالاکە کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزییە لە ماڵی باوکی‏دا دەستبەسەر کراوە\".

ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە، چوونەتە ماڵی ناوبراو و \"ئەندامبوون و پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"، ئەو تۆمەتانە بوون کە دراونەتە پاڵ ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە.

سەرچاوەی ئاماژە پێکراو لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ئەوەشی خستەڕوو کە؛ ئەو چالاکە مەدەنییە لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم سێ جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ناوبراو ئەندامی دامەزرێنەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزی \"ئۆگرانی کوردستان\"، خەڵکی گوندی \"تەبەت\"ی سەر بە شاری بۆکانە.
لەکاتی دەستبەسەر کردنی دانا حەسەنی، بنەماڵەکەی چەند جارێک بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییان کردووە کە هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی ئەڕێنیان دەست نەکەوتووە.

لە کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوویشدا، لە شاری سەقز ئەندامێکی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان بە ناوی سەلاح حوسێنی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ئاماری هێرانا، ئورگانی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٥)، هێزە ئەمنیەتییەکان ٨٨٤ هاووڵاتیان کە ٣٠٧ کەسیان لە گرووپە ئیتنیکیەکانی(کورد، بەلووچ، تورکی ئازەری و عەرەب...) بوون، دەستبەسەر کردووە کە ٥٤ کەسیان لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجان و کرماشان دەستبەسەر کراون.