سنە/ مەئموورانی شارەوانی هەڵسوکەوتی توندیان لەهەمبەر ناڕازییانی ئەو ئیدارەیە نواند

16:21 - 31 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ناڕەزایەتیی بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەوانیی کورد شاری سنە لە بەردەم شارەوانیی ئەو شارە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی مەئموورانی ئەو ناوەندە بەرەوڕوو بووەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی رابردوو ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزی، مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانیی کورد بە نیشانەی کەمتەرخەمی و بەدوادانەچوونەکانی شارەوانیی ئەوشارە بۆ کێشەی هێرشی مێشوولە و چەندین دەعبای دیکە لە بەردەم بینای شارەوانی شاری سنە، کۆبوونەوەیەکیان پێکهێنا.

ئەو ناڕازییانە سەبارەت بە چەندین کێشەی وەکوو کەمتەرخەمیی شارەوانی، سەمپاشی نەکردنی دار و سەوزەڵانییەکانی شار لە کاتی خۆیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤ لەو پێوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە، بەرپرسی شارەوانیی سنە لە بری وڵامدانەوە بە ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک مەئمووری بۆ سەرکوتی ناڕازییان رەوانەی بەردەم شارەوانیی ئەو شارە کردبوو.

بە وتەی یەکێک لە ناڕازییان، مەئموورانی شارەوانی هەڵسوکەوتێکی زۆر توندییان لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی کردووە.

ماوەی دوو مانگە کە شاری سنە بە هۆی سەمپاشی نەکردن و هێرشی مێشوولەکان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.

ژمارەیەک لە خاوەن‌ڕایانی ئەو شارە دەڵێن، ئێستاکە ئەگەر شارەوانی هەر هەوڵێکیش بۆ بنبڕ کردن و سەمپاشی کردنی ئەو شارە بدات هیچ سوودێکی نیە و دەبوایە ئەو هەوڵە دوو ساڵ لەمەوبەر درابا.

لەو پێوەندییەدا سەرپەرەستی رێکخراوی پارک و سەوزایی‌یەکانی شاری سنە بە ناڕازییانی وتووە کە سێ مانگ لەومەوبەر و لە دوو داواکاریی جیادا بە شارەوانیی سنەمان وتووە کە هەوڵەکانیان بۆ سەمپاشی کردنی شار وەگەڕ بخەن.

یەکێک لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکەش ئاشکرای کردووە کە هێزی ئینتزامیش لە بەردەم شارەوانیی شاری سنە حوزووری هەبووە.

بوونی ئەو دەعبا و مێشوولانە لە شاری سنە وای کردووە کە هاووڵاتییان بۆ پەرتەوازەکردنیان کەڵک لە سووتاندنی کارتۆن وەربگرن.

دەوترێت کە ناڕازییان دروشمی وەکوو \"شاری ئێمە ماڵی ئێمە نییە، ماڵی مێشوولەکانە\" و \"شارەوانی لەهەمبەر مێشوولەدا بەچۆکدا هات\" یان لەسەر پلاکارد پێ بووە.