سنە/ دوو چالاکی کرێکاری لە پارێزەر و ملاقات بێبەش کراون

21:26 - 17 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرەتایی‌ترین مافی زیندانییانی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە پێشل دەکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو چالاکی کرێکاری کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لەلایەن هێزی ئەمنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.

\"30449.jpg\"
هاشم ڕۆستەمی ٧٢ ساڵە و موزەفەر ساڵحی‌نیا ٤٦ ساڵە
هاشم ڕۆستەمی و موزەفەر ساڵحی‌نیا ناوی ئەو دوو زیندانییەیە کە لە ڕۆژانی ٢٩ی جۆزەردان و ١ی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر و لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراون.

سەبارەت بەم هەواڵە، مەحموود ساڵحی لە چالاکانی مافی کڕێکارانی کوردستان بە \"کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران\"ـی گوتووە: لە کاتی دەستبەسەرکردندا، دادستان حوکمی دەستبەسەرکردنەکە دەدات بە وەزارەتی ئیتلاعات و لە ماوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکە، ئەغڵەب ئیمکانی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و بوونی پارێزەر بێبەش دەبی.

هەرچەند تاکوو ئێستا هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی بەفەرمی تاوانی نەخستووەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە بەڵام پێوەندی گرتن لەگەڵ ڕێکخستنێکی کڕێکاری وەک کۆمیتەی هەماهەنگی لە \"تۆمەتی ئیحتمالی\" بۆ ئەوان بەدوور نابێ.

بێبەش بوون لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەپێچەوانەی یاسای دادڕەسیی لە ئێراندایە و \"کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران\"ـیش بە ئاماژە بە ماددەی ١٩٠ی ئەم یاسایە، جەختی لەسەر دەکات.