سنە/ دوو زیندانیی کورد گوازرانەوە بو ژووری تاکەکەسی

15:37 - 3 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بە بڕیاری بەرپرسانی زیندانی ناوندیی شاری سنە، دوو زیندانیی کوردی ئەو زیندانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی فەرزاد بیژەنی و فەرهاد سووری کە بە تاوانی مامەڵە کردن بە مادەی سڕکەر لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەر کرابوون، بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئیعدامەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە کوردە بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانبار کرا بوون.

فەرزاد بیژەنی بە تاوانی هەڵگرتنی ٧٠٠گرەم مادەی سڕکەری \"شیشە\"، لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە لە زیندان‌دایە.

بەپێی یاسای تاوانەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەرهەم هێنان، قاچاخ و یان هەڵگرتنی پێنج کیلۆ تریاک یان زۆرتر، ٣٠گرەم یان زۆرتر هێرۆئین، مۆرفین یان هەر مادەیەک کە دەبێتە هۆی گۆڕینی حاڵەتە دەروونییەکانی کەسێک (روانگردان)، هەروەها مادەی سڕکەری دیکەی وەک \"شیشە\"، لەگەڵ سزای ئێعدام بەرەوڕوو دەبنەوە.

ساڵی پێشوو لە مەجلیسی ئێران، زیاتر لە ٧٠ نوێنەری پارلمان گەڵالەیەکیان سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام بۆ تاوانبارانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکان خستە بەر باس و پێشکەش بە پارلمانی ئێرانیان کرد.

لانیکەم ٦٣٧ کەس لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە هۆی تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سرکەر، لە ئێران ئێعدام کراون. ئەو ئامارە ڕێژەی ئێعدام لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی‌دا زیاتر نیشان دەدات.