سنە/ بەرهەمە سەركەوتووەكانی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەویی كورد دیاری كران

15:55 - 4 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: گەورەترین فستیڤاڵی شێعری كوردی بە یەك هەزار بەرهەمی نێردراو دوای دوو رۆژ كاری بەردەوام كۆتایی بە چالاكییەكانی هات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٣‌ی خەزەڵوەر كەسان و بەرهەمە سەركەوتووەكانی دووەمین فستیڤاڵی سەرانسەری خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی كورد دەستنیشان كران.

لە رێوڕسمی كۆتایی ئەو فستیڤاڵەدا لێژنە داوەران رێزیان لە ١٧ شاعیر و نووسەری كورد گرت.

لە بەشی بەرهەمە ئەدەبیەكاندا بەهار شەریفی، ئیلام ـ ئەنوەر عەرەب، بۆكان ـ ئەسەد ئازاد بەخت، كووهدەشت ـ شلێر محەممەدی، كامیاران ـ عەلیڕەزا قاسمی فەر، بیجار ـ فەرزاد سەقر، كرماشان ـ سەیوان نیك پەی، مەریوان ـ كیۆمەرس بەلەدە، ئیسلام ئاباد ـ شەویار گولابی ئازەر، مەهاباد و ئەرسەلان چەلەبی لە بۆكانەوە رێزییان لێگیراوە و خەڵاتیان پێشكەش كراوە.

بەوتەی بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەكە، زیاتر لە ٩٧٣ بەرهەم بە زمانی كوردی و زاراوە و بن زاراوەكانی سۆرانی، هەورامی، ئەدرەڵانی، كەڵهوڕی و كرمانجی بۆ دەبیرخانەی فستیڤاڵەكە نێردرابوون.

لێژنەی داوەران كە بریتین بوون لە: فەرزاد میر ئەحمەدی، كلسووم عوسمانپوور، عەلی ئۆلفەتی، محەممەد موەفەقی و رەحیم لوقمانی لە بەشی \"كتێبی سەركەوتوودا\" هیچ بەرهەمێكیان دیاری نەكرد و هەڵنەبژارد.

\"22860.jpg\"
پەیكەری مەولەوی كورد لەیەكێك لە مەیدانەكانی شاری سنە
بە گشتیی ١٢٢ بەرهەمی شێعری و ١٧ كتێب توانیبوویانە بچنە بەشی كۆتایی و سەرجەم ئەو بەرهەمانەش پێشكەش بە منداڵانی كۆبانی و شەهیدانی بەرخودانی دژ بە داعش كراون.

كتێبی \"وێنە سەرتاپای خەڵكەكەم\"(جەماڵ مەلایی لە سنە)، \" ئێوارەی تاوسان\"(عەلی حاتەمی لە كرماشان) بە شێوەی هاوبەش پلەی سێهەمیان بەدەست هێناوە و پلەی چوارەمیش بە كتێبی \"دیار\"( مستەفا حوسێنی لەكرماشان) بەخشراوە.

كردنەوەی پیشانگای كتێب و خوێندنەوەی شێعر لەلایەن منداڵان و مێرمنداڵان بڕگەیەكی دیكە لە چالاكییەكانی دوو رۆژەی شاری سنە بووە.

عەلی حوسێنی لە سەقز، كەریم دافعی لەبانە، ناهید محەممەدی لە ئیلام و ئیسماعیل حوسێن پوور لە خواراسانی شوماڵی ئەو شاعیرانە بوون كە لە رێوڕەسمی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی كوردا لەوحی رێزلێنانیان پێشكەش كراوە.

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١‌یەكەم خەڵاتی ئەدەبیی مەولەویی كورد لەشاری سنە بەڕێوە چوو و تێیدا ٢٩٨ شاعێر بەشدارییان كردبوو.

سەید عەبدولرەحیم مەولەوی كورد لە شاعیرانی ناسراوی كوردە كە ساڵی ١٨٠٦‌ی میلادی لە ئاوایی سەرشانە لە كوردستانی عێراق لەدایك بووە و دواتر لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردیدا بە مەولەوی ناسراوە.

وێنــه: به‌ختیار سه‌مه‌دی
\"22865.jpg\"

\"22866.jpg\"

\"22867.jpg\"

\"22868.jpg\"

\"22869.jpg\"

\"22870.jpg\"