سنە/ بە کورتەنامە هەوڵی رووخاندنی کەسایەتییە دیارەکان دەدرێت +وتووێژ

14:19 - 19 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە ژمارەیەک چالاکی سیاسی، مافی مرۆڤ، فەرهەنگی و مەدەنیی کوردستان بە تایبەتی لە شاری سنە لە رێگەی کورتەنامەوە هەڕەشەیان لێکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا ژمارەیەک کورتەنامە بۆ چەندین کەسی دیاریکراوی کورد نێردراوە و تێیدا هەوڵ دراوە کە کەسایەتییەکانیان برووخێندرێت و چالاکییەکانیان ببردرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەناوهێنانی ئەو کەسایەتییانە خۆ دبوێرێ، بەڵام بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەو پرسە، لێدوانی لە ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤی کورد کەلە شاری سنە نیشتەجێیە، وەرگرتووە و بۆ بەردەنگان دەیگوازێتەوە.

\"26448.jpg\"
ئیجلال قەوامی: چالاکانی کورد کارنامەیەکی روونیان هەیە
سەرەتا ئیجلال قەوامی وتی: ماوەی یەک حەفتەیە کۆمەڵێک کورتەنامە بۆ چالاکانی مافی مرۆڤ، مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتیی دیار دەنێردرێ و زیاتر کورتەنامەکەیان روویان لە یەک، یان دوو کەسایەتیی بوارێکی تایبەتە و لە هەوڵی رووخاندنی ئەو کەسانە دان.

ئەو چالاکە کوردە باسی لەوە کرد، ئەو کورتەنامانە هەتا ئێستا بە دیاریکراوی بۆ چەندین کەس نێردراوە کەلە بوارەکانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەوانی و پرسە سیاسی و مەدەنییەکاندا چالاکن.

قەوامی ئەوەشی خستەڕوو، خاڵی هاوبەشی ئەو کەسانە ئەوەیە کە رەخنەیان لە دەسەڵات و شێوەی بەڕێوەبەریی حکوومەت هەیە، هەروەها خاڵێکی دیکە ئەوەیە کەلە کورتەنامەکاندا هەوڵ دراوە کە کەسایەتیی ئەو چالاکانە بڕوخێندرێ و سەربە دەسەڵات لە قەڵەمیان بدرێن.

ئەو چالاکە ئاشکراشی کرد ئەو کورتەنامانە لە لایەن ژمارەیەک ژمارە تەلەفۆنێکی نەناسراوەوە دەنێردرێ و بە رای منیش ئەو کارانە بە مەبەستی ئاژاواەنانەوە و دروستکردنی دووبەرەکی ئەنجام دەدرێت و گومانی ئەوەش دەکرێ کە ئەو کورتەنامانە ئامانجێکی تایبەتییان لە پشتەوە بێ و بە شێوەی سیستماتیک کاری بۆ کرابێ.

قەوامی داوای لە بەرپرسان و ناوەندە پێوندیدارەکان کرد کە هەر چی خێراتر لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە بکەن و بکەرانی ئەو کارانە سزا بدەن بۆ ئەوەی کە پێش بە بێ پڕنسیپی لە کۆمەڵگەدا بگیردرێت.

ئیجلال قەوامی لەو وڵامی پرسیاری کاریگەریی ئەو کورتەنامانە لەسەر رای گشتی چی بووە، وتی: ئەو کەسانەی کە هەوڵی رووخاندنمان دەدەن، پێویستە پێیان بڵێن کە کارنامەکانمان روون و دیارە و رای گشتی هاووڵاتییانیش زۆر لەوانە هوشیارترە کە بە کورتەنامەیەک روانگەیان دەرحەق بە ئێمە بگوڕدرێت.

ئەو چالاکە کوردە وتیشی: ئەگەر کەسێک گلەیی، یان سکاڵەیەکی هەیە دەتوانێ لە رێگەی تایبەتی و یاسایی‌یەوە هەوڵ بدات بۆ پەردە لادان لەسەر راستییەکان و ئەگەر ئەو کارە نەکات و هەر بە شاراوەیی بمێنێتەوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کەسە، یان کەسانە نەخۆشیی دەروونییان هەیە و کەسانێکی \"دەم بەتاڵ\"ن.