سنە؛ ئیرەج عەبادی ڕۆژنامەنووس، شاعیر و نووسەری کورد لە گرتنگە ئازاد کرا

16:44 - 20 خەزەڵوەر 2721

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، "ئیرەج عەبادی" ڕۆژنامەنووس، شاعیر و نووسەری کورد لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پێدانەوە کەرەستە کەسییەکانی ئەو نووسەرە کوردە، وەک لەبتاب و مۆبایلەکەی خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان داوایان لە ئیرەج عەبادی کردووە کە ئارشیڤی حەوتوونامەی "لووتکە" ڕادەستی ئەوان بکات.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

"ئیرەج عەبادی" تەمەن ٧٣ ساڵ و دانیشتووی شاری سنە، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری حەوتوونامەی "لووتکە"یە و هەتا ئێستا چەندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبیی ناوبراو چاپ و بڵاو کراوەتەوە.