سنە؛ ئیبراهیم تاریمورادی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:20 - 5 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم تاریمورادی" کوڕی "محەممەد ساڵح"، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەمڕۆڵە"ی شاری سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئیبراهیم تاریمواردی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا قۆناغی کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە، ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەرمانان، لقی ٢ی لێپرسی دادگای ئینقلابی سنە، ماوەی دەسبەسەرکرانی ناوبراویان بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردبووەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوو.

شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.