سنە؛ کۆبوونەوەی دادگایی نازەنین زارا سەروی بەڕێوە چوو

12:08 - 3 بەفرانبار 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەز، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی نازەنین زارا سەروی، لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوەچوو.

لە ڕەوتی ئەو کۆبوونەوەیەدا، نازەنین زارا سەروی لەمەڕ تۆمەتە‌وەپاڵدراوی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی" دادکۆکیی لە خۆی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، لێپرسی دۆسییەکە بڕی بارمتەکەی بۆ ٥٠٠ میلیۆن تەمەن بەرز کردووەتەوە و بنەماڵەی نازەنین زارا توانای دابینکردنی ئەو بارمتەیەیان نەبووە، بەو هۆیەوە نازەنین زارا سەروی داوای لە دادوەری دۆسییەکەی کردبوو، کە بڕی بارمتەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام دادوەر ئەو بڕە پارەیە بۆ ٣ میلیارد بەرزکردبووەوە، لە کۆتاییدا، نازەنین زارا سەروی لە ئەنجامی دابیننەکردنی ئەو بڕە پارەیە دەسبەسەر و بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە، ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، دایکی نازەنین زارا نەخۆشی دیابتی هەیە و بارودۆخێکی ڕۆحی بۆ پێش هاتووە بە جۆرێک کە لە لێدانی دەرزی ئەنسۆلێن خۆی بواردووە و ئەمەش باری تەندروستیی ناوبراوی ناجێگیر کردووە و پێویستی بە نەشتەرگەریی هەیە. سەرەرای ئەوە دەوترێ هەتا ئازادکردنی کچەکەی لە نەشتەرگەری خۆی بواردووە.

نازەنین زارا سەروی، لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە سنە، دەسبەسەر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

نازەنین زارا سەروی کچی عەلی و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای مێعماریی زانکۆی کوردستانە.