سنە؛ کچێکی مێرمنداڵ بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا

11:38 - 7 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی "سارینا ساعدی" تەمەن ١٦ ساڵ کچی هاشم، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بە سەختی بریندار کرابوو، پاش ڕۆژێک خەواندن لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی "سارینا ساعدی" بە کوردپای ڕاگەیاند: سارینا لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بەهۆی لێدرانی باتوم لە سەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو کچە مێرمنداڵە بۆ چارەسەری پزشکیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە کرابوو، کە پاش ڕۆژێک خەواندن لەو نەخۆشخانەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: جەنازەی سارینا ساعدی بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و هیزە ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" ئەو شارە ئەسپەردەی خاک کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سارینا ساعدی کردووە کە هۆکاری مردنی کچەکەیان بە خۆکوژی لە قەلەم بدەن.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سارینا ساعدی کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان، لەسەر ئەو پرسە خۆیان بپارێزن.