سنە؛ ژنێکی لاو لەلایەن براکانییەوە کوژرا

15:45 - 14 سەرماوەز 2721

شەوی هەینی ١٢ی سەرماوەز، ژنێک بە ناوی "سەحەر مورادی" تەمەن ٣٣ ساڵ، بە لێدانی چەقۆ لەلایەن براکانییەوە لە گوندی "باوەرێز" سەر بە سنە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکە، لەلایەن براکانیەوە بە چەقۆ کوژرا".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "سەحەر مورادی خاوەن دوو منداڵە و هاوسەرەکەی دوو ساڵ لەمەوبەر گیانی لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز، تەرمی ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کردووە کە هەتا ئێستا هیچ کام لە بکوژانی ئەو ژنە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە دەسبەسەر نەکراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ٢٥ی نوامبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نوامبری ٢٠٢١ـەوە، سەرجەم ٣٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویان داوە.