سنە؛ ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

17:53 - 4 گەلاوێژ 2722

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم و لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان، ناسرا.

ئەو حوکمە ڕۆژی سیشەممە ٤ی گەلاوێژ بە شێوەی فەرمی بەو چالاکە کرێکارییە ڕاگەیەندرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ڕێبوار عەبدوڵڵاهی ڕۆژی ٦ی پووشپەڕ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوو.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی پاش چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە؛ هەروەها ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.