سنە؛ ڕۆیا جەلالی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا

09:29 - 3 خەزەڵوەر 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "ڕۆیا جەلالی"، خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەو چالاکە کوردەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمەی٩٩، ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ۱٤ی ڕێبەندانی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووەوە سەر ماڵی ڕۆیا جەلالی و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەییە، بە شێوەیەکی توندوتیژییانە لەگەڵ ناوبراو هەڵسوکەوتیان کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە، نەخۆشیی MSـی هەیە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری بووە.
ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانانی ئەمساڵ، "خەبات مەفاخری" چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنە و هاوژینی ڕۆیا جەلالی، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

خەبات مەفاخری ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەیدا لە سنە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوی لێپێچینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

خەبات مەفاخری مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، مەحکووم کرا.