سنە؛ ڕفاندنی کچێکی خوێندکاری دیواندەریی، گیانلەدەستدانی ئەو کچەی لێ کەوتەوە

12:16 - 9 جۆزەردان 2722

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردان، کچێکی خوێندکاری خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش ڕفێندرانی لە سنە لەلایەن دوو کەس کە خۆیان بە "موسافیرکێش" ناساندبوو، پاش ئەوەیکە خۆی لە ماشینەکەی ئەوان فڕێ دایە خوارەوە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە تەمەن ٣٤ ساڵەیە شوناسی "سۆما ڕەزایی" کچی ئەنوەر ڕاگەیەندراوە کە لە یەکێک لە زانکۆکانی سنە خەریکی درێژدان بە خوێندن بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کچە خوێندکارە لە خوێندنگەی خوێندکاری لە گۆڕەپانی گەرێزەی شاری سنە، پاش ئەوەیکە لەلایەن دوو کەسەوە وەکوو موسافیرکێش سوار ماشینەکەیان دەبێت، بەهۆی هەڵاتن لەدەست ئەو دوو کەسە خۆی لە شووشەی ماشینەکەی ئەوان فڕێ دەداتە خوارەوە و ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی".

لەو پەیوەندییەدا "فاتێحی" بەرپرسی پۆلیسی ئاگایی پارێزگای سنە، باسی لە دەسبەسەرکردنی دوو لاوی تەمەن ١٩ و ٢٠ ساڵ کرد کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو کچە و ڕایگەیاند: "بکوژانی ئەو کچە، بە مەبەستی موسافیرکێشی سۆما ڕەزاییان سوار کردووە، بەڵام بە لاڕێدا چوون و ئەمەش بووەتە هۆی خۆخستنەخوارەوەی ئەو کچە لە شووشەی ماشێنەکە و گیانی لەدەست داوە".