سنە؛ ڕامین فاتحی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان لە گرتنگە گیانی لە دەست دا

16:56 - 30 رەزبەر 2722

''ڕامین فاتحی'' کوڕی ''باقر'' خەڵکی شاری سنە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات، بەهۆی ئازار و ئەشکەنجە گیانی لە دەست دا.

''چیاکۆ فاتحی'' برای ڕامین لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی براکەی لە گرتنگە، ڕایگەیاند: ''ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەزبەر، بە بنەماڵەکەمانیان ڕاگەیاندووە کە ڕامین لە گرتنگە دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لە دەست داوە''.

چیاکۆ فاتحی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعای هێزە ئەمنییەتییەکان سەبارەت به خۆکوژی براکەی وتی: ''لە ڕێگای سەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە ئاگادار بووینەتەوە کە ڕامین، بەهۆی ئەشکەنجەی زۆری هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست داوە و هێزە ئەمنییەتییەکان جەنازەی براکەمیان بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەم، لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی سنە ئەسپەردەی خاک کردووە''.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر موبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەماندا، گرتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ میدیاکان وتووێژ نەکەین.

چیاکۆ فاتحی هەروەها ڕایگەیاند: ''هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەمان کردووە کە ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە''.

ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەر، ڕامین فاتحی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

''ڕادا فاتحی و وریا فاتحی'' خوشک و برای ڕامین فاتحی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.