سنە؛ پشکنینی ماڵی باوکی یەدوڵڵا سەمەدی چالاکی کرێکاری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:36 - 21 رەشەمه 2721

ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی یەدوڵڵا سەمەدی چالاکی کرێکاری و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەیان کردووە.

یەدوڵڵا سەمەدی لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە؛ هێزە ئەمنییەتییەکان سنە بە حوکمی دادستانی ئەو شارە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکم لە گەڕەکی فەرەجە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە. پاش پشکنینی ماڵەکە هێندێک لە کەرەستە شەخسییەکانم کە لەوێ بوونه لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو چالاکە کرێکارییە هەروەها ڕایگەیاندووە؛ دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان چوونەتە ماڵی برا گەورەکەم بە ناوی "حەبیبوڵڵا سەمەدی" کە دانیشتووی گەڕەکی "ئاساوڵە"یە، دووکانێکی چووکەی فرۆشتنی کەرەستەکانی قوتابخانە (لوازم التحریر)ی هەیە و دەستیان بە پشکنینی  دووکانەکە کردووە و دەزگای کۆپیی ئەو دووکانەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

یەدوڵڵا سەمەدی هەروەها وتوویەتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکم و براکەم لەحاڵێکدایە، کە خۆم بۆ کرێکاری ماوەی ٧٠ ڕۆژه ڕووم لە هەرێمی کوردستان شاری سلێمانی کردووە و لەو ماوەیەدا لە نانەواخانە و شیرکەتێکی بیناسازی خەریکی کرێکاری بوومه.

یەدوڵڵا سەمەدی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی شاری سنە و لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە لە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بۆ تێکدانی بیروڕای گشتی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان ناسرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە ساڵی ٩٣، هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر"سەعیدی" بە ٥ مانگ و لێدانی ٧٠ قامچی مەحکووم و ئەو حوکمەش بۆ ماوەی ٥ ساڵ بە هەڵپەسپێردراوی مابووە.