سنە؛ ئومید ئەسەدی بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید ئەسەدی" خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی (پارکی نەورۆز) سنە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئومید ئەسەدی پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامە سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە ڕێوڕەسمەکان و چالاکییە مەدەنییەکان ئازاد کراوە".
ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە، هێرشیان بردە سەر ئەو ڕێوڕەسمە و کۆمەڵێک هاووڵاتییان دەسبەسەر کرد.
پاش بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ئیتلاعاتی سپا دەستی کردووە بە دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان.