سنە؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا

11:25 - 5 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "محەممەد شەریعەتی" خەڵکی شاری سنە، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، گیانی لە دەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە لە کەمەربەندی ٢٥ی سنە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی کە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی گولـلەی جەنگی گیانی لە دەست داوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵووەر، هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش بە جێگیربوون لە شەقامەکانی سنە، کەشێکی ئەمنییەتیی قورسییان بە سەر ئەو شارەدا، زاڵ کردبوو. سەرەڕای ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی، ناڕازییان لە گەڕەکەکانی نایسەر، فەرەجە، عەباس‌ئاوا، کەمەربەندی ٢٥، کارئامووزی، قەتارچییان، شەریف‌ئاوا، سەعدی و بەهاران، ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی ناڕەزیەتییان دا.

ناڕەزایەتی لە سنە، بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش، توندوتیژی لێ کەوتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییانی ناڕازیی ئەو شارە، کرد.