سنە؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

15:56 - 21 سەرماوەز 2721

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرهەنگ عێوەزی"، کوڕی "محەممەدعەلی"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: " هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی فەرهەنگ عێوەزی بێڕیزییان بە ناوبراو و بنەماڵەکەی کردووە و هەروەها ئەو هاووڵاتییەیان داوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان".

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی فەرهەنگ عیوزی زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.