سنە؛ هاووڵاتییەک لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

12:13 - 28 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ی خەزەڵوەر، لاوێکی کورد بە ناوی "ئومید حەسەنی (حوسێنی)" لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە درێژەی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکەی سنەدا، ئەو لاوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە لێدان و ئەشکەنجە دەسبەسەر دەکرێ و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ کەڵانتەریی ۱۲ی فەروەردین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کاتێکدا کە ئومید حوسێنی بێهۆش بووە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنەیان کردووە و دواتر هەواڵی گیانلەدەستدانی ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئومید حوسێنی" بەهۆی لێدانی باتووم گیانی لەدەست داوە.

تەرمی "ئومید حوسێنی" ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەر بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی  لە "بەهەشتی محەممەدی"ی سنە، ئەسپەردەی خاک کرا.

ئومید حوسێنی خەڵکی گوندی "پایگەلان" سەر بە شاری سەوڵاوایە.