سنە؛ هاووڵاتییەک بە زیندان مەحکووم و چوار هاووڵاتیی دیکە بێتاوان ناسران
ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "سامان میرەکی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی "حوسێن سەعیدی" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم و چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئارمان سەلیمی"، "ئومید شێخی"، "ئومید ئەسەدی" و "پارسا بەهرامی" لە تۆمەتی وەپاڵدراویان بێتاوان ناسران.
لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە "سامان میرەکیـ"ـی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردووە و ئارمان سەلیمی، ئومید شێخی، ئومید ئەسەدی و پارسا بەهرامی لە ئەو تۆمەتە بێتاوان ناسراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە، "سامان میرەکی، ئومید شێخی و ئومید ئەسەدی" بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی (پارک نەورۆز) سنە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کران و دواتر دەسبەسەر کران.
هەروەها "ئارمان سەلیمی و پارسا بەهرامی" ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوە، لە مەراسمی نەورۆزی پارکی منداڵی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.
ئەو پێنج هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەڕی سنە ئازاد کران.
ئەو پێنج هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوون.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئومید ئەسەدی، ئارمان سەلیمی، سامان میرەکی و ئومید شێخی