سنە؛ منداڵ ــ هاوسەرێک مەترسیی ئێعدامی لەسەرە

11:16 - 6 خەزەڵوەر 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە "سوهەیلا عابدی"، منداڵ ــ هاوسەر و بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی سنە کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستـ"ـی هاوسەرەکەی، حوکمی قیساس (ئێعدامـ)ـی بەسەردا سەپاوە، لەوانەیە بە زووترین کات لەسێدارە بدرێت.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە سوهەیلا عابدی، لەدایکبووی ١٣٦٨ کە هەنووکە لە بەندی کانوونی ئیسلاح و تەربییەت (بەندی نەسوانـ)ـی زیندانی سنەیە، بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٣، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، هاوسەرەکەی کوشتووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە: "سوهەیلا عابدی، دە ساڵ پێش لە ئەنجامی ئەو قەتڵە واتا لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیریی کردبوو".

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە هەر لە زاری ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە: "پاش ئەوەیکە ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە، دۆسیەی ناوبراو ڕەوانەی ئیجرای ئەحکام کرا. بنەماڵەی کوژراوەکە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین کە ڕەزایەت بدەن و دەیانهەوێ بە زووترین کات ئەو حوکمە جێبەجێ بکرێت. بە سوهەیلا عابدی ڕایانگەیاندووە؛ ئەگەر نەتوانن ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراەوەکە وەربگرن، لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا حوکمەکەتان جێبەجێ دەکرێت".