سنە؛ مریەم سادقی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

17:57 - 12 خەزەڵوەر 2721

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، مریەم سادقی، چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان لە ڕاستای دروستکردنی دامەزراوە کرێکارییەکان، بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سنەییە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکەی مافی ژنان و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

مریەم سادقی پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە، ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.