سنە؛ "محەممەد لوتفوڵڵاهی" بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشكەنجە گیانی لەدەست دا

17:26 - 6 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "محەممەد لوتفوڵڵاهی" کوڕی باقر خەڵکی شاری سنە، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو کە بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕایگەیاند: "محەممەد لوتفوڵڵاهی" لە کاتی دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان، بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماشینی "وەن" محەممەد لوتفوڵلاهیان ئازار و ئەشکەنجە داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت کە شوێنی شین و ڕەشبوونەوە بەهۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی محەممەد، بەسەر جەستەیەوە دیار بووە.

"محەممەد لوتفوڵڵاهی" لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە گەڕەکی "نایسەر"ی  شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.