سنە؛ ماوەی دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد درێژ کرایەوە

11:11 - 7 بەفرانبار 2721

ماوەی دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارەش منبەری"، کوڕی "حوسێن"، "زانیار منبەری"، کوڕی "ئەمانوڵڵا"، "سەیوان منبەری"، کوڕی "حیشمەت" و "میلاد منبەری"، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە سنە، بۆ دووهەمین جار درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار، بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ئینقلابی سنەیان کردووە و پێیان ڕاگەیندراوە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی کوڕەکانیان درێژ کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "ئەمە بۆ دووهەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی ئەو چوار هاووڵاتییە درێژ دەکرێتەوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا تەنیا یەک جار پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری بوونە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووەوە سەر بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە و ناوبراوانیان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان کردبوو و هەروەها ناوبراوانیان دابووە بەر ئەشکەنجە و لێدان.

هەروەها ئەو هێزانە کەلوپەلی کەسیی ئەو چوار هاووڵاتییەیان وەکوو کامپیوتێر و مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو چوار هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.