سنە؛ ماوەی دەسبەسەرکرانی سیامەک ئارەنگ درێژ کرایەوە

09:58 - 8 بەفرانبار 2721

ماوەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سیامەک ئارەنگ"، کوڕی "یەدوڵڵا"، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە سنە، بۆ دووهەمین جار درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ئینقلابی سنەیان کردووە کە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان درێژ کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "سیامەک ئارەنگ لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە".

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی سیامەک ئارەنگ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.