سنە؛ لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی هوشمەند عەلیپوور دژایەتی کرا

15:50 - 26 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لقی ٤ی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی سنە، لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی هوشمەند عەلیپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، دژایەتیی کرد.

لقی ٤ی دادگای ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی سنە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ماددەی ٥١٣ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری لەگەڵ داواکاریی ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتیی کردووە.

مانگی ڕەزبەری ٩٩، ئەو زیندانییە پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی لە دیوانی باڵای وڵات و دادگاییکردنی دووبارەی، بە ٣٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدانی هوشمەند عەلیپوور لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە.

مانگی بەفرانباری ٩٨، دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلی‌‌پوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان و "محەممەد ئوستادقادر"، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ٩٨، ئەو حوکمانە بە بنەماڵە و پارێزەری ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

محەممەد ئوستادقادر، ٢ی بانەمەڕی ٩٩، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "بەغی" (دژایەتیکردن لەگەڵ خودا) بە بەشداریی "عەلی ساکنی"، پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ دابڕگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەنگوڕەنگی حکوومەتی ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە کوردەیان بڵاو کردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.