سنە؛ فەرهەنگ عەیوەزی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

10:02 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی "فەرهەنگ عەیوەزی" کوڕی محەممەدعەلی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە، کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "ئەندامییەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی مەحکووم، کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندان ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە پاش ٤٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٠، هیزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.