سنە؛ فەرهەنگ عێوەزی پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی هەروا ناڕوونە

12:17 - 10 بەفرانبار 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ٣ حەوتوو لە کاتی دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "فەرهەنگ عێوەزی"، کوڕی "محەممەدعەلی"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەربونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیی تەلەفۆنی بیبەری بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی فەرهەنگ عێوەزی لەم ماوەیەدا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەو بارەیەوە خۆ دەبوێرن".

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و ناوبراویان پاش دەسبەسەرکردنی بۆشوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەتا ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی فەرهەنگ عێوەزی، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.