سنە؛ فەرهەنگ عێوەزی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:01 - 4 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندان، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "فەرهەنگ عێوەزی"، کوڕی "محەممەدعەلی"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، پاش ٤٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیلاعاتی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان فەرهەنگ عێوەزییان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، هیزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

وێنە: کاتی ئازادکردنی فەرهەنگ عێوەزی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە