سنە؛ عەبدوڵڵا مەهجوور پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی هەروا ناڕوونە

09:57 - 16 بەفرانبار 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا مەهجوور"، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "مەلقەڕەنی" سەر بە سەقز، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: "هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵا مەهجوور لەم ماوەیەدا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بێئاکام ماوەتەوە و هەتا ئێستا نەیانتوانیوە پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ ناوبراو هەبێت".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی "عەبدوڵڵا مەهجوور" زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.