سنە؛ عەبدوڵڵا مەهجوور بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:54 - 30 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا مەهجوور" تەمەن ٥٥ ساڵ خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی" سەر بە شاری سەقز، پاش ٧٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

عەبدوڵڵا مەهجوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە بە بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی "عەبدوڵڵا مەهجوور" زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.