سنە؛ "عیسا بیگلەری" و "زانیار ئەڵڵامورادی" بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران گیانیان لەدەستدا

15:54 - 25 خەزەڵوەر 2722

شەوی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، "عیسا بیگلەری" و "زانیار ئەڵڵامورادی" لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران گیانیان لەدەستدا.

"عیسا بیگلەری" ٣٩ ساڵە و خەڵکی گوندی "نەسنار"ی سەر بە سەوڵاوا و دانیشتووی شاری سنە بوو کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر" گوازرابووەوە.

تەرمی "عیسا بیگلەری" لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بە شەو و دوور لە چاوی خەڵک بەخاک سپێردراوە.

"عیسا بیگلەری" خیزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.

هەروەها "زانیار ئەڵڵامورادی" لە گەڕەکی "کانی کووزەڵە"ی شاری سنە، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەستدا و تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی "تەوحید" گوازرابووەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە پشتڕا تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردبوو و بەپێی وتەی شایەدحاڵان نزیک بە سەد ساچمە لە جەستەی کەوتبوو.

"زانیار ئەڵڵامورادی" بەهۆی خوێنڕێژی ئەو شوێنانەی جەستەی کە ساچمەی لێکەوتبوو، گیانی لەدەستدا.