سنە؛ زیندانییەک بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندان گیانی لەدەست دا

17:17 - 12 خەزەڵوەر 2721

شەوی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی تۆمەتبار بە "قەتڵ"، بە ناوی "خوسرەو جەماڵی فەر"، خەڵکی سنە، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندانی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە کە لە ژووری تاکەکەسیی بەندی قەرەنتینەدا بووە بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی زیندان زەربە بە سەری کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو زیندانییە پاش ئەو ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کرا و پاشان تەرمی ناوبراو بۆ بەهەشتی محەممەدیی سنە ڕاگوێزرا".

ئەو سەرچاوەیە  ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، تەرمی خوسرەو جەماڵی فەر لە کەشوهەوایەکی ئەمنییەتی لە بەهەشتی محەممەدی ئەسپەردەی خاک کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کردبوو کە لەگەڵ هیچ میدیایەک لێدوان نەدەن.

هەتا ئێستا بەرپرسانی قەزایی و زیندانی سنە، لە پەیوەندی لەگەڵ گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە هیچ ڕاوبۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

خۆسرەو جەماڵی فەر، ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "قەتڵ" دەسبەسەر کرابوو.