سنە؛ دەسبەسەرکردنی کورتماوەی ئارەزوو لەتیفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

12:21 - 30 رێبەندان 2721

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیۆمەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کەیۆمەرس سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتییان کردبوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئارەزوو لەتیفی خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "هیزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە ئارەزوو لەتیفی کردبوو کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی براکەی خۆی ببوێرێت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئارەزوو لەتیفی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کراوە".

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی رێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیۆمەرس لەتیفی" تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیۆمەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.