سنە؛ دەسبەسەرکردنی ژنانی چالاک و ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:34 - 31 خەرمانان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "ساریا شەریفی" لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شەقامی فێردەوسیی سنه ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، ڕێزان ئەحمەدی، چالاکی مافی ژنان، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، حەیات ئەڵماسی، چالاکی ژنان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری سنە، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی ئەو ژنە و ناوبراویان لە پەیوەندی لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنیان ئەو سێ کەسەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.