سنە؛ دوو هاووڵاتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندان کران

11:16 - 30 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیروان ئەرغەوانی"، کوڕی خوداکەرەم، "فەرزاد سادقییان"، کوڕی حەبیب و خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە سنە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ٩٨، پاش بانگهێشکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئەو ئیدارەیەدا بوونە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر"، بێبەری کراون.

ناوبراوان پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.

سیروان و فەرزاد، لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، هەر کامەیان بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ هەر کامەیان، بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

سیروان ئەرغەوانی، دەرچووی بواری ئەندازیاریی دامەزراوەکانە.

وێنە: سیروان ئەرغەوانی و فەرزاد سادقییان