سنە؛ دوو خۆپێشاندەر بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کوژران

14:24 - 27 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، دوو خۆپێشاندەر بە ناوەکانی "ئارام حەبیبی" و "شاهۆ بەهمەنی" لە ڕەوتی خۆپیشاندانی شاری سنە، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت، گیانیان لەدەستدا.

پاش گەڕانەوەی خۆپێشاندەران لە ڕێوڕەسمی چلەی "پەیمان منبەری"، "داریووش عەلیزادە"، "یەحیا ڕەحیمی" و "محەممەد ئەمینی" لە گیانلەدەستداوانی خۆپیشاندانەکان لە "بەهەشتی محەممەدی" شاری سنە، ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی ڕێژیمیان دا.

پاش خۆپیشاندان لە شەقامەکان، هێزە سەرکوتکەرەکان بە گوللە و گازی فرمێسک‌ڕیژ بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە.

لەو خۆپێشاندانەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزڵوەر، زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست داوە.

تەرمی دوو هاووڵاتیی گیانلەدەستداو، "ئارام حەبیبی" و "شاهۆ بەهمەنی" ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کران.

'شاهۆ بەهمەنی" کوڕی "سدیق" خەڵکی گوندی "تازاوای ئاسف" سەر بە شاری دیواندەرەیە.