سنە؛ خەبات مەفاخری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:25 - 24 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ، خەبات مەفاخری، چالاکی ژینگەیی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

ئەو چالاکە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەیدا لە سنە دەسبەسەر کراوە.

خەبات مەفاخری مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، مەحکووم کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە ژینگەییە، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان، لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە دابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

خەبات مەفاخری ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە.